وشە ڕەمەزان لە (رمض) عەڕەبییەوە هاتووە، واتە(گەرمای بەتین). چونکە ناو لێنانی ئەو مانگە لەکاتی گەرمای بەتین بووە، بۆیە ئەو ناوەی بە باڵادا بڕاوە، ناوەکەش گونجاوە لەگەڵ سروشتی ئەو مانگە لای موسوڵمانان. چونکە ناخی ڕۆژووەوان گڕ دەگرێت لەبەر تێنوێتی و برسێتی و تینی گەرمای بۆ دێت.

چەند بۆچوونێکی جیاواز هەیە لای زانایانی زمانناسی تایبەت بەناولێنان و ناوی ڕەمەزان لەوانە:

١- هاوکات بووە لەگەڵ گەرمایەکی بەتین،ئەو کاتەی ناوی مانگەکان گوزراوەتەوە لە زمانە کۆنەکان.

٢- ڕەمەزان گوناح و تاوانی بەندە دەسوتێنێ، خودا لە گوناحەکانیان خۆش دەبێ.

٣- ناخی ڕۆژووەوان گڕ دەگرێ لەبەر تینی برسێتی و تێنوێتی.

٤- دڵی بەندەکان پڕ ترس دەبێت و تین و گەرمای پەند و ئامۆژگاری ڕاپێچی دەکات بۆ ئاخیرەت، وەک چۆن لم و چەو یەکتر دەباتەوە لەبەر تینی گەرما.

٥- چونکە تین بۆ گوناحەکان دەهێنێ، کردەوە چاکەکان دەیسووتێنێ، وشەی (رمضان) چاوگی (رمض) کاتێک گڕ دەگرێت. یان لەو ڕوانگەیەوە دەیشواتەوە بە کردەوەی چاک. گوتراوە لە وشەی(رميض) وەرگیراوە کە هەور و بارانە لە کۆتایی گەرما و سەرەتایی پاییز، بۆیە وای پێگوتراوە چونکە گەرمای ڕۆژ وەدەردەنێ، ئابەم شێوەیە ڕەمەزان لاشەکان پاک دەکاتەوە لە تاوان.

٦- عەڕەبەکان چەکەکانیان گەڕم دەکرد و ئامادەیان دەکرد بۆ جەنگ لە مانگی شەوال.

٧- گوتراوە ئەو کاتەی ڕۆژووگرتن واجب کراوە لەناو گەرمادا بووە، گوتراوە ڕۆژووگرتن خوداپەرستییەکی کۆنە، بۆیە وای پێگوتراوە برسێتی تەنگی پێهەڵچنیون کاتێک گەرما تینی بۆ هێناوەن.

٧- هەندێکی تر گوتوویانە:پەیوەندی هەیە لە نێوان گەرما و ڕەمەزان، چونکە ڕەمەزان مانگێکی قەمەرییە دەسوڕێت لە نێوان وەرزەکان (بەهار، هاوین، پاییز، زستان).

٨- ڕەمەزان مەبەست تەنگهەڵپێچنینی تێنووبوونە نەک گەرما، تینوێتی له‌‌گەڵ هەرچوار وەرزی ساڵ هەیە. نەک تەنها لە هاوین.

٩- چەندین ناوی تری هەیە: مانگی خودا، مانگی ئارامگرتن، مانگی ڕۆژیی، مانگی پاکبوونەوە، مانگی لەبێژنگدان، مانگی زیندووکردنەوەی شەو، مانگی دابەزینی قوڕئان، مانگی لێخۆشبوون، مانگی هەژاران.